maanantai 15. lokakuuta 2012

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کان له‌ فینله‌ندا و چه‌ند زانیاریه‌ك

بڕیاره‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 28.10.2012  پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كان له‌ وڵاتی فینله‌ندا ئه‌نجامبدرێت، به‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌کردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ستی پێکردووه‌ تیایدا چه‌ندین حیزب و قه‌واره‌ی سیاسی جۆراوجۆر كێبڕكێان له‌ سه‌ر بردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیانه‌، هاوکات ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی کوردستانیانی دانیشتوی وڵاتی فینله‌ندا له‌ زۆربه‌ی شارو شارۆچکه‌کانه‌وه‌ کاندیدی هەڵبژاردنه‌کانن و به‌شداری به‌رچاویان له‌ پرۆسه‌کەدا‌ هه‌یه.
له‌ فینله‌ندا نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کان هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نێوان چوار ساڵ جارێك له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێکی ئازاددا هه‌ڵده‌بژێردرێت
به‌ پێی ده‌ستور گه‌ل خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات وبڕیاردانه‌، هه‌مو هاوڵاتیه‌کی ته‌مه‌ن سه‌روی 18 ساڵ مافی ده‌نگدان وخۆ کاندید کردنی هه‌یه‌، هاوکات هاوڵاتیانی خاوه‌ن ڕه‌گه‌زنامی بیانیش به‌ چه‌ند مه‌رجێکی دیاری کراو مافی ده‌نگدان و خۆپاڵاوتنیان هه‌یه
فینله‌ندا وڵاتێکی کۆماری و په‌رله‌مانیه‌ و حکومه‌تێکی ناوه‌ندی هه‌یه‌ وبنکه‌که‌ی له‌ شاری هێلسینکی پایته‌خته‌، ڕێژه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی نزیکه‌ی 5.4 ملیۆن که‌س ده‌بێت، هه‌شته‌مین وڵاتی ئه‌وروپایه‌ به‌ گه‌وره‌یی ڕووبه‌ره‌ وکه‌مترتن وڵاتی ئه‌وروپایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕێژه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی.

ئه‌م وڵاته‌ دابه‌ش کراوه‌ته‌ سه‌ر 336 ئه‌نجومه‌نی ناوچه‌یی بۆ‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچکه‌کان، هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ش به‌ پێی ده‌ستور سه‌ربه‌خۆیی ئیداریی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌رکو به‌رپرسیاره‌تی له‌ کاره‌کانی کارگێڕی خۆجێیه‌تی شاره‌وانیه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی بریتین له‌ ڕێکخستن و دابین کردنی خزمه‌تگوزاریه‌ گشتیه‌کانی وه‌ك یارمه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و...هتد، ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کان‌ مافی کۆکردنه‌وه‌ی باج  و مافی بڕیاردانیان له‌ سه‌ر گۆڕین و ناولێنان له‌ قه‌زا وناحیه‌ و شار وپارێزگاکانیش هه‌یه.‌

حکومه‌ته‌ ناوچه‌یه‌ ئیداریه‌کانی ده‌وڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تی هێزی کرێکار و ناوه‌ندی بوژاندنه‌وه‌وه‌ن.                                
خستنه‌ سه‌رکاری هاوڵاتی وبوژاندنه‌وه‌ی ‌ئابوری، له‌ به‌شه‌کانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی نوسینگه‌ی هێزی کاری شاره‌وانیکاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چن ، پاشان ئه‌م هه‌ماهه‌نگی کردنه‌ ده‌چێته‌ پاڵ وه‌زاره‌تی کار له‌ به‌شی پڕۆژه‌کان و گه‌شه‌پێدانی ئابوری و بۆ هه‌ندێ 
مه‌به‌ست وبواری تریش ده‌چێته‌ پاڵ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و ئابوری و وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ وئه‌وانی تر

به‌ڕێوبردنی کاروباره‌کانی شاره‌وانی له‌ لایه‌ن یاسای ناوچه‌یی وشاره‌وانیه‌کان ده‌ستنیشان ده‌کرێت. ئه‌نجومنی شاره‌وانیه‌کان مافی کاری هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و هه‌ره‌وه‌زیان له‌ نێوان ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیان وه‌ یان هه‌رێمه‌کان هه‌یه‌
ده‌سه‌ڵات له‌ شاره‌وانیه‌کان له‌ لایه‌ن خودی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کانه‌وه‌یه‌،  ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ لایه‌ن جێبه‌جێکاری ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌کان و پشکه‌شکاران  وسه‌رۆکی شاره‌وانیه‌کانیه، خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ناوچه‌یی تایبه‌ت به‌ خۆیان نیه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن دادگا گشتیه‌ ناوچه‌یه‌ حکومیه‌کانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

له‌ ساڵی 1997 وڵاتی فینله‌ندا دابه‌ش کرایه‌ سه‌ر 20 پارێزگای هاوشێوه‌ی هه‌رێمایه‌تی سه‌ربه‌خۆ.  به‌شێکی ئه‌و پارێزگایانه‌ له‌ سه‌ر بنچینه‌ی مێژووییه‌وه‌ پێکهاتون و ناوی جیاوازیان لێ نراوه‌، پارێزگاکان کارو ڕێبه‌رایه‌تی کردنیان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ ده‌وڵه‌ت دابڕاون
هه‌روه‌ها له ڕوی ئیداریشه‌وه‌ وڵاتی فینله‌ندا دابه‌ش کراوه‌ته‌ سه‌ر 6 نوسینگه‌ی هه‌رێمی جیاواز.


جگه‌ له‌م شه‌ش هه‌رێمه‌ش به‌ته‌نیشتیانه‌وه‌ هه‌رێمی (ئۆلاند- ئه‌هڤێنانما)یه‌ که‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆیه‌                              
 له‌ گه‌ڵیاندا هه‌ژمارد کراوه‌ته‌‌ سه‌ر  7 هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌:
1-نوسینگه‌ی هه‌رێمی خواروی فینله‌ندا. 2- نوسینگه‌ی هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی فینله‌ندا. 3- نوسینگه‌ی هه‌رێمی لاپلاند. 4- نوسینگه‌ی هه‌رێمی خوارو و ڕۆژئاوای فینله‌ندا. 5- نوسینگه‌ی هه‌رێمی ڕۆژئاواو ناوه‌ڕاستی فینله‌ندا. 6- نوسینگه‌ی هه‌رێمی باکوری فینله‌ندا. 7- نوسینگه‌ی هه‌رێمی له‌ (ئۆلاند- ئه‌هڤێنانما) .


سه‌باح عه‌باس/ فینکورد سۆسایه‌تی