keskiviikko 20. lokakuuta 2010

پرۆژه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ چاكسازیی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا

بۆ به‌ڕێزان
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان- سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان- سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان- مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان


پرۆژه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ چاكسازیی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا
-1
پێڕه‌وكردنی‌ پرنسیپی‌ ئیجماعی‌ نیشتمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مو ئه‌و پرسانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ چاره‌نوسی‌ نیشتمانیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك- پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم، ئه‌و پرۆژه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پرسی‌ هه‌ڵبژاردن‌و نه‌زاهه‌وه‌ هه‌یه‌، سیاسه‌تی‌ نه‌وت‌و گاز، ئه‌و بڕیار‌و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند، هه‌رێم‌و دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ رێكده‌خه‌ن
-2
چالاككردنی‌ رۆڵی‌ ره‌قابی‌‌و ته‌شریعیی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و شه‌فافكردنی‌ چالاكیه‌كانی‌ بۆ رای‌ گشتی‌. گۆڕین‌و دیموكراتیزه‌كردنی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مان‌و جێبه‌جێكردنی‌ دور له‌ ئینتقائیه‌ت‌و مه‌رامی‌ سیاسی‌
-3
یه‌كخستنه‌وه‌‌و به‌هه‌رێمیكردنی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان (پێشمه‌رگه‌، ئاسایش، پۆلیس، پاسه‌وانی‌ سنور)، قه‌ده‌غه‌كردنی‌ رێكخستنی‌ حزبی‌ له‌ناویاندا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ته‌شكیلاتی‌ تایبه‌تی‌‌و شه‌خسی‌. رێكه‌وتن له‌سه‌ر ده‌رچواندنی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ رێكخستنی‌ حزبی‌ له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا كه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كراوه‌
-4
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو جۆره‌ سزایه‌كی‌ سیاسی‌‌و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ به‌ قانون. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ تا ئێستا نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ ته‌شكیلاته‌ چه‌كداری‌‌و ئه‌منییه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بژاردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانیان
-5
سڕینه‌وه‌ی‌ سیمای‌ دو ئیداره‌یی‌ له‌ ته‌واوی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا به‌ كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌، دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌، ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ گشتی‌
-6
دابینكردنی‌ یارمه‌تی‌ دارایی‌ حزبه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ عادیلانه‌ به‌ پێی‌ سه‌نگ‌و قورساییان له‌ناو په‌رله‌ماندا تا ده‌رچونی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ دارایی‌ حزبه‌كان كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ له‌ په‌رله‌ماندا بۆ كراوه‌
-7
بڕینی‌ یارمه‌تی‌ دارایی‌ هه‌مو ئه‌و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی‌‌و پێشه‌ییانه‌ی‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبن یان نزیكن له‌ حزب تا ده‌رچواندنی‌ یاسایه‌ك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ عادیلانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆوه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی‌‌و ته‌مویلی‌ سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كان بكات
-8
بڕینی‌ یارمه‌تی‌ ده‌زگای‌ راگه‌یاندنی‌ حزبه‌كان یان نزیك له‌ حزبه‌كان تا ده‌رچواندنی‌ یاسایه‌ك بۆ رێكخستنی‌ یارمه‌تیدانی‌ راگه‌یاندن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌
-9
به‌خشینی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ زانستی‌‌و كارگێڕیی‌ به‌ زانكۆ‌و په‌یمانگاكان‌و نێوه‌نده‌كانی‌ په‌روه‌رده‌‌و خوێندن به‌گشتی‌‌و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حزبیی‌ تیایاندا به‌ كرده‌وه‌‌و به‌ قانون
-10
پێڕوه‌كردنی‌ شه‌فافیه‌ت له‌ دانانی‌ بودجه‌ی‌ 2011‌و پێشكه‌شكردنی‌ به‌ په‌رله‌مان له‌ كاتی‌ خۆیدا، هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی‌ حسابی‌ ختامی‌ 2010
له‌ كاتی‌ خۆیدا
-11
كاراكردنی‌ رۆڵی‌ داواكاری‌ گشتیی‌ هه‌رێم‌و كاراكردنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌رچون‌و پابه‌ندكردنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ جێبه‌جێكردنیان، وه‌ك: یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌، یاسای‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ گشتی‌، یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم‌و یاسای‌ نه‌وت‌و گاز
-12
رێكه‌وتن له‌سه‌ر سه‌قفێكی‌ زه‌مه‌نی‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ خاڵه‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌
تێبینی‌:له‌به‌ر رۆشنایی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌فدی‌ ئیتلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 4-8-2010 ئه‌م وه‌ره‌قه‌یه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ نوێنه‌رانی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 16-8-2010 پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و جێگره‌كه‌ی‌ و نوێنه‌رانی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ كرا كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتوه‌