...هاوڕێیان
هەڵسوڕاوان و دۆستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی نیشتمان
هەڵسوڕاوان و دۆستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی نیشتمان
خوشکان و برایانی بەڕێزی رەوەندی کوردی لەسەرجەم وڵات و کیشوەرەکانی جیهان
...سڵاوتان لێ بێ و ئەم کاتەتان شاد
ئێوە، وەک رەوەندی کوردستانیانی تاراوگەو هەندەران، سامانێکی مرۆیی گەورەن کە ئایندەی هەرێمی کوردستان، لە زۆر جومگەدا، بەندە بە هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریتانەوە
لە چەند ساڵی رابردودا هۆشیاریی و ئازایەتی ئێوە، شانبەشانی بوێری و خۆڕاگری هاوڕێکانتان لە ناوخۆی هەرێم، تین و گوڕێکی گەورەی بەخشییە خەباتی دیموکراتی و شارستانی گەلی کوردستان
بە حوكمی ئازادیی و سەربەخۆیی ئابوریی زۆربەتان، لە وڵاتگەلێكدا كە مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤی دابینكردوە، توانیوتانە زۆرترین جەماوەر و دۆست لە دەوری بزوتنەوی گۆڕان و چالاكیەكانی ئۆپۆزسیۆن كۆبكەنەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانیوە بتانخهنە ژێر ئەو گۆشارە سیاسییەی كە زۆرجار لە ناوخۆدا دژی هاوڵاتیان، بۆ كڕینی وەلا و دەنگ و بێدەنگكردنیان، پێڕەویانكردوە. بەوەش ئەو راستیەتان سەلماندەوە كە ئاشنابونی هاوڵاتیان بە ماف و ئازادیەكانیان لەناوخۆدا، زامنی گەشەی دیموكراتی و ئابوری و شارستانییە، زامنی كۆتاییهێنانە بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لە هەرێمدا، ئەو ئامانجە گرنگەی كە هەرگیز دەسبەرداری نابین و بە شاڕێی ئازادیی نیشتمانیشی دەبینین.
وەك ئاگادارن لەماوەی پێشودا هاوڕێكانتان لە ناوخۆی هەرێم زنجیرەیەك هەڵبژاردنی رێكخراوەییان، لەسەر ئاستی بازنە و رایەڵە و ئەنجومەنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەركەوتویی ئەنجامدا... ئێستاش كاتی ئەوە هاتوە ئەزمونێكی هاوشێوە لەناو ئێوەی گۆڕانخوازانی رەوەندی كوردیدا ئەنجام بدرێت، بۆ هەڵبژاردنی بازنەی شارەكان و ئەنجومەنی ئەو وڵاتانەی كە نیشتەجێن تیایاندا، بەوەش ئەڵقەیەكی گرنگی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێت، كە لەگەڵ ئەڵقەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا یەكدێتەوە.
داواكارم لە ئێوەی بەڕێز، بەگیانێكی دیموكراتیی بەرزەوە، وێنەیەكی شارستانی بۆ سەرخستنی ئەو ئەزمونە پێشكەش بكەن، پابەندبن بە رێنماییە پەیوەندیدارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە.
لەئێستاشەوە دەستخۆشی لە هەمو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە بەشداری پرۆسەكە و سەرپەرشتی ئەنجامدانی دەكەن.
بەهیوای سەركەوتن و ئەنجامی باش.
هاوڕێتان
نەوشیروان مستەفا
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان